لە پێشینەیەكی سیاسی لە عێراق كە 15 ساڵە ڕووی نەداوە، بۆ جاری یەكەمە سەرۆككۆمار لە سەرۆكوەزیرانی دەباتەوە و سەرنجی هەمووانیش بەلای خۆیدا ڕادەكێشێت. بەرهەم ساڵح كە پێگەی سكای پرێس بە "سەرۆكە كوردە بە هێزەكە" لە راپۆرتێكدا ناوی بردووە، بە جووڵە سیاسییەكانی لە ناوخۆی عێراق ‌و دەرەوەش لە "عادل عەبدولمەهدی" سەرۆكوەزیران‌ و كابینە وەزارییەكەی بردۆتەوە. پێگەكە لەراپۆرتەكەدا ئەوەشی بڵاو كردۆتەوە، كە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەزموونی سیاسی بەرهەم ساڵح و "سەنگینییەكەی لەئاشنابوونی بە وردەكاری پڕۆتۆكۆڵی سیاسی و زانیاری فراوانی سەبارەت بە ڕەفتاركردن وەك سەرۆككۆمار". هەروەها ئەوەشی نووسیوە، "بێ سێ و دوو تەواو لەوە دڵنیاین، كە ئەستێرەی بەرهەم ساڵح ل ەگەشانەوەدایە و توانیوییەتی بەسەر هاوڕێیانی كاریدا سەركەوێت، كە بە ڕوونی دیارە لەكاتی وەرگرتنی پۆستەكانیان سەریان لێدەشێوێت". هاوكات ئەو پێگە ئەلێكترۆنییە باسی لەمحەممەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش كردووە و بڵاوی كردۆتەوە، ئەو لێدوانی نابەرپرسانەی دا سەبارەت بەبەخشینی "3 ملیۆن دینار" بۆ كرێی خانووی پەرلەمانتاران، كە شێلگیریش بوو لەسەر ئەم پرسە و ئەمەی بۆ هەموو پەرلەمانتاران بەپەسەند زانی. باسی لەوەش كردووە، كە بڕیارەكەی حەلبووسی خەڵكی عێراقی نیگەران كردووە و ئاستی جەماوەریشی دابەزاندووە، ئەمە جگە لەوەی جەماوەر‌ لە "عادڵ عەبدولمەهدی" سەرۆك وەزیر نائومێدبوون، كە تائێستا هیچ گۆرانكارییەكی ئەنجام نەداوە. هەموو ئەمانەش لە كاتێكدا ڕوودەدات، كە گەندەڵی گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار لە نێو ڕیزەكانی دەسەڵات، لەكاتێكدا حكومەتیش بەتەواوی پێك نەهێنراوە. پێگەكە جەختی لەوەش كردۆتەوە كە بەرهەم ساڵح لەناو ئەو كێشانەدا، بەئەوپەڕی متمانەوە بە "‌شێوازێكی ورد و حیسابكراو، لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار هاتە ناو شەقامی عێراقییەوە و بە تایبەتیش بەغدا، ئەو چالاكییە سیاسییەكانی خۆی گورجوگۆڵانە دەستپێكرد". بەرهەم ساڵح لە دوای چوونە شەقامەكانی بەغدا و سەرنجراكێشانی میدیاكان بەلای خۆیدا، چەند رۆژێكیشە دەستی بەچەند سەردانێك بۆ وڵاتانی كەنداو كردووە، لەوانەش چووەتە كوێت ‌و ئیمارات ‌و ئۆردن ‌و ئێران ‌و بڕیارە سەردانی سعوودییەش بكات. سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە بەرهەم ساڵح بەم سەردانانەی مەبەستییەتی نیوەندگیرییەكی هەرێمی بە ئاگاداری ئەمریكا بۆ پرسی ئاشتی لە ناوچەكەدا ئەنجام بدات. ئەمە لەكاتێكدایە لە وڵاتی عێراق بە پێی دەستوور، سەرۆككۆمار دەسەڵاتێكی پرۆتۆكۆڵی هەیە و توانای هیچ بڕیارێكی نییە بەڵام سەرۆكوەزیران كە هاوكات فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە و تەواوی دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردنی لە بەردەستدایە.